به‌ نوێنەرایەتی سەرۆکی زانكۆ، شاندێكی زانكۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری له‌ مه‌راسیمێك  دەکات

له‌ ڕێکەوتی ١٤ی شوباتی ٢٠٢٦، بە نوێنەرایەتی بەڕێز پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر؛ شاندێکی زانکۆمان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان پ.ی.د. سەرسام خلیل شوانی، ئەندامی ئەنجوومەنی زانکۆ و ڕاگری پەیمانگەی ته‌كنیكی كارگێڕی هه‌ولێر و دکتۆرە شیلان، بەڕێوەبەری زانستی زانکۆ، ئامادەی مەراسیمی ٢٢یەمین خولی ئۆلۆمپیادی نیشتمانیی پڕۆژەکان (INPO)  بوون کە لە زانکۆی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

ئەم خولەی ئۆلۆمپیادەکە کە لەلایەن قوتابخانەکانی (ئیشق و نیلوفەر) بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی کوردستان ئەنجام درابوو، کێبڕکێیەکی زانستی بەرفراوان بوو بۆ نمایشکردنی داهێنان و بەرهەمی گەنجە بەهرەمەندەکان. چالاکییەکە بەهۆی ئاستی بەرزی پڕۆژەکان و ئەو داهێنانە زانستییانەی تێیدا خرابوونە ڕوو، سەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشا و بووە مایەی دڵخۆشییەکی زۆر، کە تێیدا گەنجان تواناکانی خۆیان لە بوارە جیاوازەکاندا بە شێوازێکی سەردەمیانە بەرجەستە کردبوو.

بەشداریی شاندی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەم مەراسیمەدا، دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییەیە کە زانکۆمان هەمیشە وەک ناوەندێکی زانستی و مەعریفی، بایەخێکی تایبەت بەم جۆرە چالاکییە داهێنەرانە دەدات. سەرۆکایەتی زانکۆمان بەردەوام جەخت لەسەر پاڵپشتیکردنی توانای لاوان و پەرەپێدانی پڕۆژە زانستییەکان دەکاتەوە و خۆی بە هاوکار و پشتیوانێکی سەرەکی دەزانێت بۆ هەر هەنگاوێک کە خزمەت بە کەرتی زانست و داهێنان لە هەرێمی کوردستان بکات، چونکە بڕوای وایە پێگەیاندنی نەوەیەکی داهێنەر گەرەنتی پاشەڕۆژێکی گەشترە بۆ وڵات.