لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆ، خوێندنەوە بۆ کتێبی (مێژووی ونبوونی کورد) کرا

سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ- هه‌ولێر

لە درێژەی چالاکییە ڕۆشنبیری و زانستییەکانی زانکۆمان و بە مەبەستی گرنگیدان بە مێژوو و ئەدەبی کوردی، 12ی شوباتی 2026، و بە ئاماده‌بوونی بەڕێزان پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆ، پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگه‌ر، یاریدەدەری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و دكتۆر دلێر عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری تۆماری گشتی زانكۆ،  به‌ڕێز كاك گه‌یلان به‌رپرسی لقی مناره‌ی یه‌كێتی قوتابیان و لاوانی كوردستان و لقه‌كه‌یان هه‌ڵسان به‌ سازدانی مەراسیمێک لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆمان بۆ خوێندنەوە و ناساندنی کتێبی (مێژووی ونبوونی كورد، له‌ ماده‌كانه‌وه‌ بۆ ساسانییه‌كان) لە نووسینی (عبدالرزاق مهدی) و تیایدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و ئه‌ندامانی لقی مناره‌ی یه‌كێتی قوتابیان و لاوانی كوردستان‌ ئاماده‌بوون.

لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای دەستخۆشی، تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەم جۆرە بەرهەمانە و ستایشی هەوڵ و کۆششی نووسەری کرد لە نووسینەوە و بەڵگەنامەکردنی قۆناغێکی گرنگی مێژووی گەلەکەمان، پاشان نووسەری کتێبەکە لە باسێکی کورتدا پوختەیەک لە ناوەڕۆک و بیرۆکەی نووسینی کتێبەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و تیشکی خستە سەر ئەو لایەنە مێژووییانەی کە لە کتێبەکەدا کاری لەسەر کردووە.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، وەک نەریتێکی ڕۆشنبیری، نووسەر ژمارەیەکی بەرچاوی لە کتێبەکەی بە واژووی خۆی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و لە بەرامبەردا خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشرا. ئەنجامدانی ئەم مەراسیمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە زانکۆمان هەمیشە وەک ناوەندێکی ئەکادیمی پێشەنگ، دەرگای کراوەیە بۆ بەسەرکردنەوەی نووسەران و بایەخێکی تایبەت بەم جۆرە چالاکییانە دەدات، بەردەوامیش پاڵپشت و هاوکار دەبێت بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی خزمەت بە کتێبخانە و مێژووی نەتەوەکەمان دەکەن.