Monthly Archives: شوبات 2026

بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی زانکۆ؛ شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە مەراسیمێك ده‌كات…

لە ڕێکەوتی ١٦ی شوباتی ٢٠٢٦، بە نوێنەرایەتیی بەڕێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، شاندێکی زانکۆمان بەشدارییان لە پانێڵێکی تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک کرد. شاندەکە پێکهاتبوو لە بەڕێزان پ.ی.د. یوسف مستەفا ڕەسوڵ، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و بەشە ناوخۆییەکان، لەگەڵ د. هاوکار یاسین شەریف، سەرۆکی بەشی تەکنیکیی میدیا لە پەیمانگەی تەکنیکیی کارگێڕیی هەولێر. مەراسیمەکە کە لە زانکۆی تیشک لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا سەرۆکی ده‌سته‌ی ئه‌میندارانی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی تیشک و ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرۆک زانکۆکان، مامۆستایان، ڕاگر و سەرۆک بەشەکان ئامادەی  وون.

لە میانەی پانێڵەکەدا، چەندین وتاری بەپێز سەبارەت بەو بۆنەیە پێشکەش کران کە بەتەواوی تیشکیان خستە سەر گرنگیی زمانی کوردی و ڕەسەنایەتیی ناسنامەی نەتەوەیی ئەم زمانە. بەشێکی دیکەی وتارەکان تەرخان کرابوون بۆ باسکردن لە چۆنیەتیی پارێزگاریکردن و پێشخستنی زمانەکەمان، بەتایبەتی کە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا كه‌ ڕووبەڕووی چەندین هەوڵی جیاجیا بووەتەوە بۆ گۆڕین و لاوازکردنی.

بەشداریکردنی شاندی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەم جۆرە مەراسیمانەدا، دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییەیە کە زانکۆمان وەک ناوەندێکی زانستی و ئەکادیمیی پێشەنگ، هەمیشە بایەخێکی تایبەت بەم جۆرە چالاکییە نەتەوەیی و مەعریفییانە دەدات. سەرۆکایەتیی زانکۆمان بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەمیشە پاڵپشت و هاوکاری سەرەکیی ئەو هەوڵانەیە کە خزمەت بە کۆمەڵگە و ناسنامەی نەتەوەییمان دەکەن، و بەردەوام دەبێت لە هاندان و بەشداریکردنی کارا لەم جۆرە چالاکییە گرنگانەدا.

به‌ره‌و ئاسۆیه‌ك بۆ داهاتوو؛ سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆمان پردی نێوان زانست و هه‌لی كاره‌..

وەک ڕێکخستنی سه‌ره‌كی چالاکییە مەیدانییەکان، بە ئامادەبوونی به‌ڕێز پ.ی. د. یوسف مسته‌فا ره‌سول، یاریدەدەری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری قوتابیان و به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان و راگری پەیمانگەی تەکنیکی خەبات، پ.ی.د. هەتاو کەریم خدر، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆ (CDC)، ڕۆڵێکی پێشەنگ و کاریگەری گێڕا لە بەڕێوەچوونی پانێڵێکی تایبەتمەند لەژێر ناونیشانی (میكانیزمه‌كانی سه‌نته‌ری په‌ره‌ێدانی كارو رۆڵی له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای دامه‌زراندن).

سه‌ره‌تا دكتۆر یوسف به‌خێرهاتنی به‌ڕێزیان كردو پاشان دكتۆره‌ هه‌تاو بە دیدگایەکی ئەکادیمی و وردەوە نەخشەڕێگایەکی ڕوونی خستە ئاماده‌بووانی په‌یمانگه‌كه‌. لە میانی چالاکییەکەدا، د. هەتاو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە تەنها بڕوانامە کافی نییە بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوو، ڕێنمایی قوتابیانی کرد کە پەرە بە کارامەییە کەسی و تەکنیکییەکانیان بدەن تاوەکو لە کێبڕکێی بازاڕی کاردا ببنە هەڵبژاردەی یەکەم و بە متمانەوە هەنگاو بەرەو داهاتوو بنێن.

ئەم پانێڵە کە لە ڕێکەوتی ١2ی شوباتی ٢٠٢٦ لە پەیمانگەی تەکنیکی خه‌بات بەڕێوەچوو، كه‌ بووە مایەی کۆکردنەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەلی کارو توانای دامه‌زراندن. ئەم هەنگاوە بە پردێکی پەیوەندیی گرنگ لە نێوان کەرتی ئەکادیمی و بازاڕی کار دادەنرێت، کە تێیدا گفتوگۆی چڕ و بەرهەمدار لە نێوان پانێڵستەکان و ئامادەبوواندا کرا بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای قوتابیان و ئامادەکردنیان بۆ دونیای کار.

جێگەی ئاماژەیە، ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە ڕەنگدانەوەی راستەقینەی ستراتیژی و سیاسەتی سەرۆکایەتیی زانکۆمانە، کە هەمیشە وەک پاڵپشتێکی بەهێز لە پشت دەستپێشخەرییەکانی سەنتەری (CDC) و هاوشێوەکانی دەوەستێت. زانکۆمان بڕوای تەواوی بەوە هەیە کە ئەرکی زانستی تەنها لە وانەوتنەوەدا قەتیس نابێت، بەڵکو دەبێت زەمینەسازی بۆ دەرچووان بکات تا ڕووبەڕووی تەحدیاتی بازاڕی کار ببنەوە، هەر بۆیەش بەردەوام هانی ئەنجامدانی ئەم جۆرە دیدارانە دەدات تاوەکو باشترین ڕاوێژ و خزمەتگوزاری پێشکەش بە ڕۆڵەکانمان بکرێت.

به‌ نوێنەرایەتی سەرۆکی زانكۆ، شاندێكی زانكۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری له‌ مه‌راسیمێك  دەکات

له‌ ڕێکەوتی ١٤ی شوباتی ٢٠٢٦، بە نوێنەرایەتی بەڕێز پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر؛ شاندێکی زانکۆمان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان پ.ی.د. سەرسام خلیل شوانی، ئەندامی ئەنجوومەنی زانکۆ و ڕاگری پەیمانگەی ته‌كنیكی كارگێڕی هه‌ولێر و دکتۆرە شیلان، بەڕێوەبەری زانستی زانکۆ، ئامادەی مەراسیمی ٢٢یەمین خولی ئۆلۆمپیادی نیشتمانیی پڕۆژەکان (INPO)  بوون کە لە زانکۆی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

ئەم خولەی ئۆلۆمپیادەکە کە لەلایەن قوتابخانەکانی (ئیشق و نیلوفەر) بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی کوردستان ئەنجام درابوو، کێبڕکێیەکی زانستی بەرفراوان بوو بۆ نمایشکردنی داهێنان و بەرهەمی گەنجە بەهرەمەندەکان. چالاکییەکە بەهۆی ئاستی بەرزی پڕۆژەکان و ئەو داهێنانە زانستییانەی تێیدا خرابوونە ڕوو، سەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشا و بووە مایەی دڵخۆشییەکی زۆر، کە تێیدا گەنجان تواناکانی خۆیان لە بوارە جیاوازەکاندا بە شێوازێکی سەردەمیانە بەرجەستە کردبوو.

بەشداریی شاندی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەم مەراسیمەدا، دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییەیە کە زانکۆمان هەمیشە وەک ناوەندێکی زانستی و مەعریفی، بایەخێکی تایبەت بەم جۆرە چالاکییە داهێنەرانە دەدات. سەرۆکایەتی زانکۆمان بەردەوام جەخت لەسەر پاڵپشتیکردنی توانای لاوان و پەرەپێدانی پڕۆژە زانستییەکان دەکاتەوە و خۆی بە هاوکار و پشتیوانێکی سەرەکی دەزانێت بۆ هەر هەنگاوێک کە خزمەت بە کەرتی زانست و داهێنان لە هەرێمی کوردستان بکات، چونکە بڕوای وایە پێگەیاندنی نەوەیەکی داهێنەر گەرەنتی پاشەڕۆژێکی گەشترە بۆ وڵات.

لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆ، خوێندنەوە بۆ کتێبی (مێژووی ونبوونی کورد) کرا

سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ- هه‌ولێر

لە درێژەی چالاکییە ڕۆشنبیری و زانستییەکانی زانکۆمان و بە مەبەستی گرنگیدان بە مێژوو و ئەدەبی کوردی، 12ی شوباتی 2026، و بە ئاماده‌بوونی بەڕێزان پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆ، پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگه‌ر، یاریدەدەری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و دكتۆر دلێر عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری تۆماری گشتی زانكۆ،  به‌ڕێز كاك گه‌یلان به‌رپرسی لقی مناره‌ی یه‌كێتی قوتابیان و لاوانی كوردستان و لقه‌كه‌یان هه‌ڵسان به‌ سازدانی مەراسیمێک لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆمان بۆ خوێندنەوە و ناساندنی کتێبی (مێژووی ونبوونی كورد، له‌ ماده‌كانه‌وه‌ بۆ ساسانییه‌كان) لە نووسینی (عبدالرزاق مهدی) و تیایدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و ئه‌ندامانی لقی مناره‌ی یه‌كێتی قوتابیان و لاوانی كوردستان‌ ئاماده‌بوون.

لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای دەستخۆشی، تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەم جۆرە بەرهەمانە و ستایشی هەوڵ و کۆششی نووسەری کرد لە نووسینەوە و بەڵگەنامەکردنی قۆناغێکی گرنگی مێژووی گەلەکەمان، پاشان نووسەری کتێبەکە لە باسێکی کورتدا پوختەیەک لە ناوەڕۆک و بیرۆکەی نووسینی کتێبەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و تیشکی خستە سەر ئەو لایەنە مێژووییانەی کە لە کتێبەکەدا کاری لەسەر کردووە.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، وەک نەریتێکی ڕۆشنبیری، نووسەر ژمارەیەکی بەرچاوی لە کتێبەکەی بە واژووی خۆی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و لە بەرامبەردا خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشرا. ئەنجامدانی ئەم مەراسیمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە زانکۆمان هەمیشە وەک ناوەندێکی ئەکادیمی پێشەنگ، دەرگای کراوەیە بۆ بەسەرکردنەوەی نووسەران و بایەخێکی تایبەت بەم جۆرە چالاکییانە دەدات، بەردەوامیش پاڵپشت و هاوکار دەبێت بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی خزمەت بە کتێبخانە و مێژووی نەتەوەکەمان دەکەن.