Monthly Archives: شوبات 2026

لەپێناو پاراستنی ژیانی قوتابیاندا؛ زانکۆمان ومانگی سوور هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیاری دەست پێ دەکەن…

لەژێر چاودێریی بەڕێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆ، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی و سەلامەتیی زانکۆمان بە هەماهەنگییەکی تۆکمە لەگەڵ كۆمه‌ڵه‌ی مانگی سووری عێراقی، دەستیان کرد بە ئەنجامدانی زنجیرە سیمینارێکی تایبەت و فراوان لەژێر ناونیشانی “هەنگاوە بنەڕەتییەکانی پاراستنی ژیان”. ئەم هەڵمەتە بەشێوەیەکی مەیدانی بۆ قوتابیانی سەرجەم بەشە ناوخۆییەکانی (کوڕان و کچان)ی زانکۆمان ڕێکخراوە، بەو ئامانجەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستییان بەرز بکرێتەوە.

ناوەڕۆکی ئەم چالاکییانە کە بە هاوکاریی هۆبەی تەندروستی و سەلامەتیی کۆلێژ و پەیمانگەکان بەڕێوە دەچێت، بریتییە لە ئاشناکردنی قوتابیان بە نوێترین ڕێگا زانستییەکانی تاکپارێزی و کۆمەڵگەپارێزی لە کاتی ڕووداو و حاڵەتەکاندا. جێگای ئاماژەیە، زانکۆمان هەمیشە وەک بەشێک لە ستراتیژیەتی خۆی، بایەخ و گرنگییەکی زۆر بەم جۆرە چالاکییە مرۆیی و تەندروستییانە دەدات و هەردەم پاڵپشت و هاوکار بووە بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی پارێزراو بۆ قوتابیان، چونکە سەلامەتیی ئەوان بە بەشێکی دانەبڕاو لە پرۆسەی خوێندن دەزانێت.

ئەم پرۆسەیە پرۆژەیەکی بەردەوام دەبێت و له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سنوورەکەی فراوانتر دەکرێت بۆ هەموو ئه‌و كۆلیژو په‌یمانگایانه‌ی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌نته‌ری پارێزگای هه‌ولێرن، تاوەکو زۆرترین قوتابی لەم زانیارییە گرنگانە سوودمەند بن.

دیدگایەکی نوێ بۆ داهاتووی دەرچووان؛ سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆ پردی نێوان زانست و بازاڕی کار پتەوتر دەکات

وەک داینەمۆی ڕێکخستنی چالاکییە مەیدانییەکان، بە ئامادەبوونی پ.ی.د. سەرسام خەلیل، ڕاگری پەیمانگە ته‌كنیكی كارگێڕی هه‌ولێر، پ.ی.د. هەتاو کەریم خدر، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆ (CDC)، ڕۆڵێکی پێشەنگ و کاریگەری گێڕا لە بەڕێوەچوونی پانێڵێکی تایبەتمەند لەژێر ناونیشانی (ئەزموونی دەرچووانی سەرکەوتوو)، کە تێیدا بە دیدگایەکی ئەکادیمی و وردەوە نەخشەڕێگایەکی ڕوونی خستە بەردەم قوتابیان بۆ قۆناغی دوای زانکۆ. لە میانی چالاکییەکەدا، د. هەتاو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە تەنها بڕوانامە کافی نییە بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوو، ڕێنمایی قوتابیانی کرد کە پەرە بە کارامەییە کەسی و تەکنیکییەکانیان بدەن تاوەکو لە کێبڕکێی بازاڕی کاردا ببنە هەڵبژاردەی یەکەم و بە متمانەوە هەنگاو بەرەو داهاتوو بنێن.

ئەم پانێڵە کە لە ڕێکەوتی ١٠ی شوباتی ٢٠٢٦ لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر (کەمپەسی یەک) بەڕێوەچوو، كه‌ بووە مایەی کۆکردنەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆزینەوەی هەلی کار. ئەم هەنگاوە بە پردێکی پەیوەندیی گرنگ لە نێوان کەرتی ئەکادیمی و بازاڕی کار دادەنرێت، کە تێیدا گفتوگۆی چڕ و بەرهەمدار لە نێوان پانێڵستەکان و ئامادەبوواندا کرا بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای قوتابیان و ئامادەکردنیان بۆ دونیای کار.

جێگەی ئاماژەیە، ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە ڕەنگدانەوەی راستەقینەی ستراتیژی و سیاسەتی سەرۆکایەتیی زانکۆمانە، کە هەمیشە وەک پاڵپشتێکی بەهێز لە پشت دەستپێشخەرییەکانی سەنتەری (CDC) و هاوشێوەکانی دەوەستێت. زانکۆمان بڕوای تەواوی بەوە هەیە کە ئەرکی زانستی تەنها لە وانەوتنەوەدا قەتیس نابێت، بەڵکو دەبێت زەمینەسازی بۆ دەرچووان بکات تا ڕووبەڕووی تەحدیاتی بازاڕی کار ببنەوە، هەر بۆیەش بەردەوام هانی ئەنجامدانی ئەم جۆرە دیدارانە دەدات تاوەکو باشترین ڕاوێژ و خزمەتگوزاری پێشکەش بە ڕۆڵەکانمان بکرێت.

بە مەبەستی تاوتوێکردنی دیزاینی نوێی وێبسایتی زانكۆ؛ کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتیی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە (١١ی شوباتی ٢٠٢٦)، بە مەبەستی گفتوگۆکردن و هەڵسەنگاندنی دیزاینی نوێی وێبسایتی زانکۆ و وەرگرتنی پێشنیاز و سەرنجەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوان بە سەرپەرشتیی بەڕێز پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەڕێوەبەرانی زانکۆمان بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر بۆتان وێڕای بەخێرهێنانێکی گەرمی ئامادەبووان، تیشکی خستە سەر قۆناغەکانی گەشەسەندنی وێبسایتی زانکۆ لە سەرەتاکانی دروستبوونییەوە تاوەکو دەگاتە ئەمڕۆ. پاشان، لەلایەن م.ی زانیار ڕزگار، بەڕێوەبەری وێبسایت و مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری کۆمپیوتەر و ئینفۆرماتیک، و بە وردی باسی لە دوایین گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونەکانی دیزاینی نوێی وێبسایتەکە کرا.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و هەریەک لە بەڕێوەبەرەکان بەپێی تایبەتمەندیی بوار و بەشەکانیان، سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان خستەڕوو بە مەبەستی دەوڵەمەندکردن و باشترکردنی کارەکە.

جێی ئاماژەیە، زانکۆمان هەمیشە بایەخ و گرنگییەکی زۆر بەم هەنگاوانە دەدات لە پێناو بەرەوپێشبردنی ژێرخانی تەکنەلۆژی و زانستی. لەم سۆنگەیەشەوە، زانکۆ هەمیشە پاڵپشت و هاوکاری سەرەکییە بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی هەر پڕۆژە و چالاکییەک کە خزمەت بە پرۆسەی ئەکادیمی و ئیداریی زانکۆکەمان بکات.

سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە شاندێکی سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان کرد

هه‌ولێر- سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ

ئەمڕۆ چوارشەممە (١١ی شوباتی ٢٠٢٦)، لە چوارچێوەی فراوانکردنی پەیوەندییە زانستی و پیشەییەکاندا، به‌ڕێز پ.د. ئیدریس محەممەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پێشوازی لە شاندێکی سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان کرد. شاندی میوان پێکهاتبوون لە بەڕێزان سەلیم سەلیم حوسێن، نەقیبی سەندیکا، لەگەڵ ڕەوا تەحسین تەها، و ئاواز هادی محەممەد، ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سەندیکا. لەم دیدارەدا کە هەریەک لە بەڕێزان پ.د. ئازاد حەسەن قادر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، پ.ی.د. یوسف مستەفا ڕەسوڵ، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری قوتابیان، و مامۆستا بەهزاد حیلمی ئاکرەیی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ ئامادەی بوون، بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندەکە کرا.

مەبەستی سەرەکیی ئەم سەردانە، بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆکایەتیی زانکۆ و سەندیکا بوو، بە ئامانجی دروستکردنی هەماهەنگیی زیاتر لە بوارەکانی ژمێریاری و دارایی بۆ قۆناغی ئێستا و داهاتوو. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی چڕ لەسەر چەندین بابەتی گرنگی هاوبەش کرا بۆ ئەوەی هەردوولا بتوانن لە ڕووی زانستی و کردارییەوە سوود لە تواناکانی یەکتر وەربگرن.

لەم سۆنگەیه‌وە، جێی باسە کە زانکۆمان هەمیشە بایەخێکی تایبەت بەم جۆره‌ چالاكی و دیدارانه‌ دەدات و وەک نەریتێکی بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری سەرەکی دەبێت بۆ هەموو ئەو هەنگاوانەی دەبنە هۆی خزمەتکردن و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئەکادیمی و پیشەیی.