Daily Archives: کانوونی دووەم 13, 2026

بەمەبەستی پەرەپێدانی هەماهەنگییە زانستییەکان؛ سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە شاندێکی پەیمانگەی بێست دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، به‌ڕێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاھیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر، لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ، پێشوازیی لە شاندێکی پەیمانگەی تەکنیکی پیشەیی بێست کرد. شاندەکە پێکھاتبوو لە مامۆستا ئامانج یونس عوسمان، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی پەیمانگە، و دکتۆر کاروان، ڕاگری پەیمانگە و شاندێکی یاوەریان.

لە دیدارێکدا، کە پ.د. ئازاد حەسەن قادر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، و مامۆستا بەهزاد حلمی ئاکرەیی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستییەکان و دروستکردنی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا کرا. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە واژووکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بوو، کە تیایدا هەردوولا لە ڕووی زانستی و ئەکادیمییەوە سوود لە ئەزموونەکانی یەکتر وەربگرن.

لای خۆیەوە، سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوە دا کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەمیشە بە بایەخەوە لەم جۆرە چالاکی و سەردانانە دەڕوانێت و وەک ناوەندێکی زانستیی پیشەنگ، بەردەوام پاڵپشت و هاوکار دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و لێهاتوویی پیشەیی. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی زانکۆدایە بۆ کرانەوەی زیاتر بەڕووی دامەزراوە پەروەردەیی و تەکنیکییەکاندا، بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتر.