Daily Archives: کانوونی دووەم 23, 2026

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتیی ڕۆما یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژوو کرد

لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە ڕاهێنانەکانی پڕۆژەی (RISE) لە وڵاتی ئیتاڵیا، شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتیی پ.ی.د. بۆتان مەجید ئەحمەد، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بە یاوەریی پ.ی.د. عەبدوڵڵا عومەر یاسین، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و خاتوو پێرۆ بۆتان، لە شاری ڕۆما دیدارێکیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی زانکۆی نێودەوڵەتیی ڕۆما (UNINT) ئەنجام دا.

لە دانیشتنەکەدا کە پڕۆفیسۆر مارگریزیا ڕوسۆ، سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتیی ڕۆما و پڕۆفیسۆر لوچانۆ نادو، جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ئامادەی بوون، دوای گفتوگۆیەکی چڕی ئەکادیمی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زانستی و ئەزموونیی، هەردوو لا یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژوو کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و ئەنجامدانی کاری هاوبەش لە داهاتوودا.

ئەم دەستپێشخەرییە وەک بەشێک لە دیدگا و ستراتیژیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دێت بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکە و کردنەوەی دەروازەی نوێ بە ڕووی جیهانی دەرەوەدا. سەرۆکایەتیی زانکۆ هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەم جۆرە چالاکییانە و، بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری سەرەکی دەبێت بۆ هەر هەنگاوێک کە ئاستی زانستیی زانکۆکە بەرزتر بکاتەوە و پەیوەندییە ئەکادیمییەکان لەگەڵ زانکۆ پێشەنگەکانی جیهاندا فراوانتر بکات.